قالب وردپرس بیتستان پرنده فناوری
ماڵپەڕی هسارە / وتو وێژ / وتو وێژ وەل دۆڕدێ نۆرس

وتو وێژ وەل دۆڕدێ نۆرس

هسارە دۆڕدێ نۆرس (Dorthe Nors)، لەبەرەی نوێی نووسەرانی دانمارکە و تەنها چیرۆکنووسێکی ئەو وڵاتەیە بەرهەمەکانی قوڵف و بەندی میدیاکان و گۆڤارە بەناوبانگە ئەدەبیەکانی وەک نيۆيۆركر، بۆستن ريويو، فەنس، نيوو لێترز، گاڵف‌كوس هێرپر و، پابليك ئێسپەيس‌‌ـی شکاندووە و بەو تەمەنە کەمەیەوە (٤٥ ساڵ) ناوبانگێکی جیهانی بەدەست هێناوە. ئەم خانمە دانمارکیە لە بیست و شەش/حەوت ساڵیدا یەکەم کورتەچیرۆکی بڵاو بۆتەوە و دواتر بە هۆی بەردەوامبوونی لە نووسین، نازناوی پڕکارترین نووسەری دانمارکی پێ بڕاوە. قاڵبی نووسینی دۆڕدێ نۆرس جگە لە پێنج ڕۆمانەکەی [“رۆح” (٢٠٠١)، “تۆفان” (٢٠٠٣) ،”ئێن‌لی” (٢٠٠٥)، “رۆژەکان“(٢٠١٠) و “مینا جێگای پڕۆڤەی پێویستە“(٢٠١٥)] کورتیلەچیرۆکە و تێکستەکانی شتێکن لە مابەینی ٥ تا ٩ لاپەڕە، کە لەم فۆڕمە داستانیەدا توانیویەتی بە بەرجەستەکردنی کێشەکانی دەورووبەری و نواندنەوەی زەواڵی مرۆڤی سەردەم بگاتە لووتکە و، نشینگەیەکی گونجاو لە ئەدەبی جیهانی بۆ خۆی دەستەبەر بکات. کۆمەڵەچیرۆکێکیشی  هەیە لە ژێر ناونیشانی “تەکنیکی کاڕاتە” کە لە (٢٠٠٨) بڵاو بۆتەوە و بەرهەمەکانی بە زمانەکانی: ئینگلیزی، ئاڵمانی، چێکی، رۆمانیایی، نۆروێژی، تورکی، هوڵەندی و فارسی تەرجوومە بوونەوە. دۆڕدێ نۆرس لە کارنامەی ئەدەبی خۆیدا چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری بەدەست ‌هێناوە کە لە ناویاندا: خەڵاتی رەخنەگرانی دانمارک و، پێڕ ئۆلۆڤ ئێنکویست (Per Olov Enquist) بەرچاوترینیانن.

لە چ کاتێکەوە نووسینی چیرۆکتان دەست پێکرد؟ ئایا لە سەردەمی منداڵیتان قەت بیرتان دەکردەوە رۆژێک لە رۆژان ببن بە نووسەر؟

پێموابێ لە تەمەنی حەوت ساڵیمدا بوو، ئەوکاتەی کە هاوکات لەگەڵ چیرۆک، فێری رێنووسی وشەکانیش دەبووم. بەرلەوەش جاروبار چیرۆکم بۆ دایکم دەگێڕایەوە تا بیانگوازێتەوە بۆ سەر کاغەز. لە هەشت ساڵیمدا لەگەڵ مانای وشەی “نووسەر” ئاشنا بووم. مامۆستای قوتابخانەکەم بۆی شیکردمەوە نووسەر ئەو کەسەیە کە چیرۆک بەرهەم دێنێ و، لەسەر کاغەز دەیاننوسێ تا ئەوانی‌تر بیانخوێننەوە. بیرم کردەوە “ئەمە رێک ئەو شتەیە کە من هەم، تەنها ئارەزوو دەکەم رۆژێک لە رۆژان ببمە نووسەر.” لەو کاتە بەملاوە تا بڵاوبوونەوەی یەکەم چیرۆکم لەوانەیە بیست ساڵێکی خایاندبێ. هەرچۆنێک بووە وا هەست دەکەم هەر لە سەرەتاوە زمان و رەوایەت بەشێکی گرینگ بوون لە شوناس و هەبوونم.

چەندە هۆگری خوێندنەوەن؟ بە بۆچوونی ئێوە خوێندنەوە چەندە لەسەر نووسین کاریگەرە؟

زۆر کتێب دەخوێنمەوە. گەلێگ زۆر! من دەڵێم بۆ بوون بەنووسەر تەنها نووسین بەس نییە، نووسەریی، لە خوێندنەوەی بەرهەمە پڕبایەخەکانی کەسانی‌ ترەوە دێت. ئەو مەنتقەی لەم کارەدا هەیە دەتوانم ئاوا لێی بدوێم: ئەگەر نەتوانن لە بیستنی دەنگی کەسانی‌تر چێژ وەربگرن و تاریفی بکەن، ئەدی چۆن دەتوانن دەنگی خۆتان بناسن و باریکەڵڵای بۆ بڵێن؟ تەنانەت گۆرانی‌بێژەکانیش بە گوێگرتن لە ئاوازی کەسانی‌تر فێری گۆرانیبێژی دەبن. دایکم هۆگری خوێندنەوە بوو و ئێستاش جاروبار چاو بە بەرهەمە گەورەکانی ئەدەبیاتی جیهاندا دەخشێنێت. باوکیشم ئەگەرچی حەزی لە گێڕانەوەی داستان ‌هەیە بەڵام کاتێک باسی خوێندنەوە دەکەین خۆی بە رۆژنامەوە خەریک دەکات.

ئێوە یەکەم نووسەری دانمارکی بوون کە توانیوتانە لە گۆڤارێکی بەناوبانگی وەک نیۆیۆرکێردا چیرۆک بڵاو بکەنەوە. بە بۆچوونی ئێوە چ‌ شتێک دەبێتە هۆی نێونەتەوەیی بوونی نووسەرێک؟ وە بۆچی نووسەرە دانمارکیەکانی تر ئەو بەختەیان پێ نەبڕاوە؟

لەڕاستی‌دا نازانم چۆن چیرۆکەکانم رێگەیان بۆ گۆڤاری پڕدەنگ و هەرای نیۆیۆرکر هەموار کرا، بەڵام من وای بۆ دەچم هەبوونی هۆشیارانە و جیدی بەرهەمەکانم ــ بەر لە بابەتییەتی نیۆیۆرکر ــ لە گۆڕەپانی ئەدەبی ئەمریکا بوونەتە هۆکاری سەرەکی ئەو رووداوە. من حەزم بە هاوکاریکردنی گۆڤارە ئەمریکیەکان بوو، هەم نووسەرە ئەمریکیەکان و هەم خۆشم، بە رادەیەکی بەرچاو حەزمان بە تەرجوومەی ئینگلیزی بەرهەمە دانمارکییەکانم دەکرد. ئەوجا دوای شەش ساڵ چالاکیم لە گەڵ بڵاڤۆک و گۆڤارەکانی ئەمریکا سرووشتی بوو کە چیتر لە بازنەی سنوورەکانی دانمارکدا نەمێنمەوە. بە بۆچوونی هەندێک لە نووسەرە دانمارکیەکان ئەم رەوتە تەنها لە رێگای ناوەندە چاپەمەنیەکانی دانمارکەوە مەیسەر دەبوو، کەچی لەبارەی منەوە وا دەرنەچوو. قەت بیرم نەدەکردەوە رۆژێک لە رۆژان بەرهەمەکانم بگەنە نیۆیۆرکر، ئەویش بۆ دووجار! من لە کانگای دڵمەوە سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە هاوکاریان کردووم. زۆر شتیان لێوە فێر بووم و، دواتر بیهێنە پێش چاوت: رۆژێک لە ناکاو نیۆیۆرکر!

بە بۆچوونی ئێوە جیاوازی نێوان نووسەرانی دانمارکی و ئەمریکی لە چیدایە؟

بڕوانن؛ لە هەموو شوێنێکی دونیا نووسەران جۆرە تایبەتمەندییەکی وەک یەکیان هەیە. هەموومان حەزمان بە رەوایەتکردنی داستان هەیە. هەموومان لایەنگری سووچنشینی و تەریککەوتنەوەین و، لە واقیعدا ئێمە توانای تاقەتهێنانی تەنیاییمان هەیە چون لە سۆنگەی زمان‌شناسیەوە سەیری دونیا دەکەین، هەموومان گەرەکمانە ببیسترێین، تەنانەت هەموومان تا ئەندازەیەک پاڕانۆیامان هەیە و، کاتێ نووسەرێک کارەکەی بە جوانی و بێ نوقسانی تەواو دەکات بڕێک گومانی (بیخوێننەوە: ئیرەیی) لێ دەکەین. لە هەموو شوێنێکی دونیا هەروایە، بەڵام، گۆڕەپانی ئەدەبی ئەمریکا هەرە چالاکە و، هەڵبەت کەمێکیش پڕکێشەیە؛ نازانم، رەنگە هۆکارەکەشی فرەچەشنی و فرە رەنگی بێت. کورت و ساکار وەیبڕێنم: لێرە بەربڵاوترە و، کەمتر ترسی بەرتەسکبوونەوەیان هەیە. هەروەها هەژماری زۆری گۆڤارە ئەدەبیەکانی ئەمریکا یارمەتیدەری بەرزبوونەوەی ئاستی چلۆنایەتی ئەدەبی ئەو وڵاتەیە. بەڕای من، لە دانمارک  ئێمە گۆڤاری ئەدەبی باشمان کەمە و، لە راستیدا لە گۆڤارە ئەدەبیەکاندایە کە تواناکان گەشە دەستێنن و لەوێ، لەم گۆڤارە ئەدەبیانەدایە کە بڵاوکەرەوەکان نوخبە ئەدەبیەکان دەدۆزنەوە. گۆڕەپانی ئەدەبی دانمارک زۆر بەرتەسکە. ئەمەیە دەبێتە هۆی مەترسی پەڕاوێزکەوتن. بەڵام من بەکەمی هەڵاوگیری ئەم بابەتە بووم و گەلێک بۆم ئەستەمە بتوانم بە ئاسانی لێی بدوێم.

ئێوە نووسەریتان بە نووسینی رۆمان دەسپێکرد و پاشان کۆمەڵە‌چیرۆکێکتان بڵاو کردەوە. نووسینی کامیان بۆتان چێژبەخشتر و خۆشترە، رۆمان یان کورتەچیرۆک؟ وە بە بۆچوونی ئێوە نووسینی کامیان ئاسانترە؟

هەردووکیانم خۆشدەوێ و بۆم چێژبەخشن بەڵام ئەو دووانە، دوو رەهەندی جیاوازیان هەیە. کورتەچیرۆک ــ لانیکەم ئەم قاڵبەی من پێی دەنووسم ــ دەبێ لە یەک دانیشتندا بنووسرێ و کۆتایی بێت. نووسینەکەی، پێویستی بە مەودای زەمانی نییە. لە واقیعدا ئەو فۆڕمەی من پێی دەنووسم  ئەمریکییەکان بە کورتیلەچیرۆک ناوی دەبەن، ئەو کورتیلەچیرۆکانەی بارتەقای پێنج تا نۆ لاپەڕەن و لەو ئاستەش پشت ناکەون. بەڵام بە دڵنیاییەوە رۆمان، پێویستی بە زەمانی زیاتر هەیە. بەردەوام لە فەزای رەوایەتەکەدا لە هاتوچوودایت. بەشەکان هەڵداوێریت. شەن و کەویان دەکەیت. جێ‌ گۆڕکێیان پێ دەکەیت. چەندین جار پیایاندا دەچیتەوە و دووبارە دەیاننووسیتەوە. بۆ رێپێوانێکی درێژ دەچیتە دەرەوە تا بتوانیت باشتر بیر وەکەیت. دەگەڕێیتەوە بۆ پشت مێزی کارەکەت و دووبارە بژاری دەکەیت، چەندین جاری‌تر دەیخوێنیتەوە، دوبارە و چەندبارە، پاشان دەست دەکەیتەوە بە نووسین؛ بەگشتی، نووسینی رۆمان رەوتێکی تری هەیە. ئەگەر باش لە ئاودەربێ گەڵێک چێژبەخشە و ئەگەر واش نەبێ (ئەنجامەکەی روون و ئاشکرایە). لەو لایەی ‌تریشەوە نووسینی کورتیلەچیرۆک، پێویستی بە هەبوون، وردبینی و تواناییەکی زۆر هەیە. من هەردووکیانم زۆر پێ خۆشە.

کاتێک کورتیلەچیرۆکەکانتم دەخوێندەوە وام هەستدەکرد سەرقاڵی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی همینگوای دانمارکیم. مەبەستم ئەوەیە وا هەستدەکەم همینگوای کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کورتەچیرۆکانی ئێوە بووە.

لە‌مبارەوە بۆمان بدوێن. وە ئەوەی کە نووسەرانی دڵخوازتان کامانەن و، ئایا لەسەر بەرهەمەکانتان کاریگەرییان بووە؟

بەڕاستی بۆ من جێی شانازییە کە ئێوە بەم هەستە گەییشتوون، بەڵام بەداخەوە دەبێ پێتان رابگەیێنم من هیچکات همینگوایم بە جیدی نەخوێندۆتەوە. ئەگەر بمەوێ راستبێژ بم، بەر لە چاپکردنی یەکەم کۆمەڵەچیرۆکەکەم هیچ نووسەرێکی ئەمریکاییم نەخوێندبۆوە. راستتان دەوێ زیاتر هەستدەکەم لە ژێر کاریگەری بەرهەمی نووسەرە سویدیەکاندام تا ئەمریکییەکان. دەکرێ بڵێم نێوەرۆک و ئێگزیستانسیالیزمی ناو بەرهەمە سویدییەکان‌ـم بە مینیماڵیزمی دانیمارکییەوە مۆتۆڕبە کردووە. هەڵبەت لەوانەیە هۆکاری ئەم هەستەی ئێوە بگەڕێتەوە بۆ شێوازی نووسینم بە زمانی دانمارکی، مەبەستم ئەوەیە کە شێوە نووسینی من بەو زمانە کاتێک وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی ئەو هەستە ئیلقا دەکات. دەڵێی ئاسەوارێک لە نەریتی چیرۆکنووسینی ئەوان لە داستانەکانی مندا جێ دەمێنێت. جۆرێک کە دەڵێی منیش بەشێکم لەو نەریتە، کە لە راستیدا شتێکی ئەوتۆم لێ نەزانیوە. دوای ئەوەی کە بەرهەمەکانم لە ئەمریکا بڵاوبوونەوە و رێگای خۆیان لە کۆمەڵگای ئەدەبی ئەو وڵاتەدا کردەوە ئەغڵەب دەبیستم کە دەڵێن من لە نووسەرە ئەمریکییەکانەوە فێری نووسین بووم. بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە رشتەی خوێندنی باڵای من بۆ بڕوانامەی ماجستێر (فوق لیسانس)، ئەدەبیاتی باکووری ئۆرووپا بووە. زانیارییەکانم سەبارەت بە ئەدەبیاتی ئەمریکا دوای بەچاپ گەیاندنی کۆچیرۆکەکەم پەرەیان سەندووە.

چی لە ئەدەبیاتی ئێران دەزانن؟ ئایا لەگەڵ ئەدەبیاتی هاوچەرخی فارسی ئاشنان؟ بەڕای ئێوە بەرهەمە ئەدەبیە فارسیەکان لە دانمارک خوێنەریان هەیە؟

بەداخەوە زۆر بەکەمی زانیارییم سەبارەت بە ئەدەبیاتی هاوچەرخی فارسی هەیە. هەڵبەتە لەگەڵ هەزارویەک شەو و، شەهرزادی حیکایەتبێژدا ئاشنام. لە منداڵیمدا نوسخەیەکی رەنگاڵەی هەزارویەک شەوم هەبوو کە گەلێک هۆگری بووم. ئێستاش کاتێک پێڵووەکانم دەبەستم دیمەنەکانی ئەو پەرتووکە دێنەوە پێش چاوم. بەڵام زۆر بەداخەوە زانیارییەکانم لەبارەی ئەدەبیاتی فارسی هەر ئەوەندەیە و بەس. هەرچەند فرە حەزم لێیە لەبارەیەوە زۆرتر بزانم.

بەرهەمەکانتان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانگەلی جۆراوجۆر. با وای دابنێین لە ئێران‌ یاسای کۆپی‌ڕایت رەچاو ناکرێت، چ هەستێکتان دەبێ بەرهەمەکانتان لێرە چاپ بن و بفرۆشرێن؟

بێ شک ئەمە پرسیارێکی تەکنیکیە، رەنگە وا باشتربێ لەمبارەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری بەرنامەکانم گفتوگۆ بکەن. پێشتریش چەند چیرۆکم وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی. “ئەسەدوڵڵا ئەمرایی” چەند کورتە چیرۆکمی وەرگێڕابوو بۆ دەرکردنی کۆبەرهەمێک لە ئەدەبیاتی داستانی جیهان. ئەو بەڕێزە لە فەیسبووکدا هاوەڵمە و ئێوە دەتوانن لە گەڵیدا پەیوەندی بگرن و تێبگەن کام چیرۆکانەمی وەرگێراوەتە سەر فارسی و ئایا بڵاوی کردونەتەوە یان نا. تەنها بۆ دڵنیابوون. بەڵام بە گشتی لەگەڵ تەرجوومەی بەرهەمەکانم هیچ جۆرە کێشەیەکم نییە.

ئەمە لەڕووی ئەزموونی شەخسی خۆمەوە دەڵێم؛ ماوەیەک لەمەوبەر لە گەڵ نووسەرێکی ئەمریکی بۆ وەرگێڕانی بەرهەمەکانی پەیوەندیم گرت و لەبەر نەبوونی یاسای کۆپی‌ڕایت و پاداشتی ناشرەکەی، مۆڵەتی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی نەدامێ.

بڕوانن، لە هەموو شوێنێکی دونیا لەگەڵ نووسەران هەڵستی سەیروسەمەرە ئەنجام دەدرێت. من خووم بەم بابەتانە گرتووە. بۆ من گرینگ نییە ئەگەر بڕەپارەیەک بۆ وەرگێڕانی بەرهەمەکانم وەرنەگرم. ئەوەش دەزانم کە گەلێک وەرگێڕانی‌تر لە رووی ئەم تەرجوومانەوە بڵاو دەبنەوە بەڵام خۆ من توانای چاودێری هەموو شتێکم نییە. تەنها ئەوەندە دەزانم کە خوێنەری راستەقینە تەرجوومەی چاک لە وەرگێڕانی خراپ هەڵاوێرێت و بە باشیی، لێکیان دەکاتەوە.

وە دوا وتەتان؟

نا، پێموابێ هەموو شتێکم وتووە.

دابڕێنراو:

قەت بیرم نەدەکردەوە رۆژێک لە رۆژان بەرهەمەکانم بگەنە نیۆیۆرکر، ئەویش بۆ دووجار! من لە کانگای دڵمەوە سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە هاوکاریان کردووم. زۆر شتیان لێوە فێر بووم و، دواتر بیهێنە پێش چاوت: رۆژێک لە ناکاو نیۆیۆرکر!

سەرچەوە : چیرۆک

چاوێک بخشێنە بۆ ....

“زه‌رب” کورتە چیرۆکێگ لە کەیوومەرس بەڵەدە

کاکه زه‌رب سینی. وه‌ت: ئا. وه‌تم:چه‌نێ؟ هڵم ده‌م و لۊتم له ناو دکانه‌گه‌یش دیار بۊ. …

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *