قالب وردپرس بیتستان پرنده فناوری
ماڵپەڕی هسارە / یادداشت / ” تویوتا لندکروزرهای کردستان، بە پایتخت حملەور شدند !” – رزگار لوتفی

” تویوتا لندکروزرهای کردستان، بە پایتخت حملەور شدند !” – رزگار لوتفی

لەبیرمە لە ساڵانی ڕابوردوودا ئەمە تیتری یەك ژومارەی ڕۆژنامەیەکی پڕخوێنەری پێتەختی ئێران (تاران) بوو کە دواتر لە زۆربەی بڵاڤۆکەکانی تریشدا ڕەنگی دایەوە و بووە بابەتێکی جێگای مشتومڕ و لێوردبوونەوە.
ئەودەم کە ئەم هەواڵەم خوێندەوە (جیاواز لە مەرامی هەواڵنێر و سەرنووسەری ڕۆژنامەکە سەبارەت بە هەڵبژاردن و بڵاوکردنەوەی ئەم تیترەهەواڵە) لەبەر خۆمەوە وتم: چ دەبوو ئەگەر لە جیاتی ئەم تیترە نووسرابا ” نویسندگان کرد، پایتخت ایران را تسخیر کردند !”. ئایا ئەمە خەونێكی ساتەوەختی بوو کە لەوکاتەدا ئەمبینی و پێی دڵخۆش بووم، یان ئەو ئیمکانە بوونی هەیە کە ڕۆژێ لە ڕۆژان ئێمەش وەك “ژاپۆن”‌ـی دوای شەڕی دووەمی جیهانی، بتوانین شێلگیرانە ماڵەکەمان ڕێك بخەینەوە و پاشان بیر لە داگیرکردنی نەك پایتەختێك بەڵکوو هەموو پایتەختەکانی وڵاتانی دونیا بکەینەوە !
لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا بە لەونێ ئەم بیرۆکەیە دووبارە لە زێهنمدا “تداعی” بووەوە؛ ئەو کاتەی بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی دووایین کتێبەکەم “ڕاوان”، سەردانی پیشانگای کتێبی تارانم کردبوو و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەوێ مابوومەوە و چاپەمەنییە کوردییەکانم ئەبینی کە هەرکام بە گوڕ و تینێکی تایبەتەوە لەگەڵ بەردەنگە فارس‌/تورک/عەرەب/بەلووچ‌زمانەکانیان ئەدوان و کولتوری خۆمانیان پێ ئەناساندن و دەقە وەرگێڕداوە کوردییەکانیان پێشکەش ئەکردن، ئەوانیش بە تامەزرۆییەوە لە بەرهەمە لۆکاڵەکانمانیان ئەڕوانی و خوازیاری زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بوون. لەوێ دابوو کە ئەو بڕوایەم لا جێگیرتر و قایمتر بوو کە ئەگەر ئێمە بمانتوانیبا تەنها ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بەباشترین شێوە ڕەچاو بکەین و ماندوونەناسانە هەوڵی بەجێ گەیاندنیان بدەین، دوور نییە ئەم خەونە بگاتە واقعییەت و ڕۆژێ لە ڕۆژان ئێمەش سەرێکمان هەبێ لەناو سەراندا:
ــ نووسەرانمان بە خوێندنەوە و موتاڵاکردنی بەردەوام، هەستی “باوەڕبەخۆبوون” لە دەروونیاندا پەرە پێ بدەن.
ــ زانست (دانش)‌ـی بواری چالاکییەکانیان بەڕۆژ بکەنەوە و لەگەڵ دواوێرژنەکانی سەردەمدا خۆیان ڕێك بخەن.
ــ بەردەوام بن لە نووسیندا تا ترسیان لە لاپەڕەی سپی، دابڕمێ و لە درێژەی ئەو پڕۆسەیەدا کوالیتی بەرهەمەکانیان بەرز ببێتەوە.
ــ ڕەخنەکارەکانمان چاوەڕوانی لەدایکبوونی بەرهەمێکی ناوازە نەمێننەوە و باوێشکەکانیان بشکێنن و زیت و وشیار، لە خاس و خراو بکۆڵنەوە.
ــ کاتێك دەقە باشەکان لەلایان ڕەخنەکارەکان بەرجەستە کرانەوە، وەرگێڕەکان قۆلی لێ هەڵماڵن و بێ پواندان بە هاوڕێ نووسەرەکانی خۆیان، تەرجوومەیان بکەنەوە.
ــ لە کۆتاییدا چاپەمەنییەکانیش بەهاوکاری گرووپەکانیان (ئێدیتۆڕ، دیزاینێڕ و ..) بە شێویەکی شیاو و سەردەمیانە چاپ و بڵاویان بکەنەوە.
ئەگەر ئەم ڕەوتە لە کوردوستاندا دروست ببێ ــ کە من بە “شق‌القمر”‌ـی نازانم ــ دڵنیام کە تیتری ڕۆژنامەکانی پایتەختی ئێران سەهلە، بەرەبەرە هی پایتەختەکانی وڵاتانی تریش ئەگۆڕدرێ و بەو شێوەیەی کە شیاومانە “اعتراف”مان پێ ئەکرێت؛ ئەگەر بێتوو ئەقڵییەتی مێژووییمان گۆڕانکاری بەسەردا بێ و تەنها لە لوولەی تفەنگ و بۆنی باڕووتا، تەیمانی “ئازادی”‌ نەکەین !

*************************
تێبینی:
“بەختیار عەلی” تەنها نووسەرێکی پێشەنگ بوو کە بە فرۆشی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی ــ لە پیشانگای کتێبی تاران ــ خەریک بوو بە هێمنی دزەی ئەکردە ناو زێهنەکان و ڕچەی وەدیهاتنی ئەم خەونەی بۆ ئەشکاندین.
* هەر هاوڕێیەك مەیلی لێ‌بوو ئەتوانێ وێنەکە نیشان بکات.

چاوێک بخشێنە بۆ ....

“زه‌رب” کورتە چیرۆکێگ لە کەیوومەرس بەڵەدە

کاکه زه‌رب سینی. وه‌ت: ئا. وه‌تم:چه‌نێ؟ هڵم ده‌م و لۊتم له ناو دکانه‌گه‌یش دیار بۊ. …

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *