قالب وردپرس بیتستان پرنده فناوری
ماڵپەڕی هسارە / یادداشت / بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستای نەمر جگەر خوێن

بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستای نەمر جگەر خوێن

شێخ مووس کوڕی حەسەن کوڕی موحەمەد، ناسراو بە جگەرخوێن، شاعیرێکی کورد زمانە.

جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٠٣ لە باکووری کوردستان لە گوندی حەسار نزیک بە شاری ماردین لەدایکبووە. بەمنداڵی شوانی و گاوانی کردوو، لەبەر ئەوەی نەداربوە و باوکی کۆچی دواییکردوە، خوشکەکەی گرتوویەتییە خۆی و بەخێوی کردووە و دواتر لەبەر ھێندە دەردە نەداری و ھەژاری بەناچاری گوندی حەسار جێدەھێڵن و لەساڵی١٩١٤ بۆ گوندی ئـاموودە دەیگوێزنەوە.

جگەرخوێن ھەر لە منداڵییەوە زیرەکی و ھۆشیاری و توندوتۆڵی پێوە دیاربووە و حەزی لە خوێندن کردووە، بۆیە بەھەر جۆرێک بێت، ناردوویانە بەر خوێندن لە حوجرەی مزگەوت و سەرجەم خوێندنەکانی زۆر زیرەکانە بەرێکردووە وەک خوێندنی زمانی عەرەبی و زانستەکانی ئایینی ئیسلام، بۆیە بە ئومێدی تەواوکردنی مۆڵەتی دوازدە زانستی باکوور و ھەر چوار پارچەی کوردستان گەڕاوە و دواتر لەسەر دەستی مەلا عوبێد وەرگرتووە.

لە ڕۆژئاوای کوردستان و ماوەیەکیش لە باشووری کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان مەلایەتی کردووە.

جگەرخوێن لەساڵی ١٩٤٦ ز ڕوو دەکاتە شاری قامیشلی و دەست بەکاری ڕامیاری دەکات و دەبێتە ئەندامی پارتی جڤاتا ئازادی و یەکیەتییا کورد (Civata Azadî û Yekîtiya Kurd). لەساڵی١٩٤٨ ز دا دەبێتە ئەندامی پارتی کۆمنیستی سوری و لەساڵی ١٩٥٤ ز دا بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی سوریا دەپاڵێورێت. لەساڵی ١٩٥٧ ز واز لەپارتی کۆمۆنیست دەھێنێت و ڕێکخراوی ئازادیدادەمەزرێنێت. ئەو ڕێکخراوەش پاشتر دەچێتە ناو پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریاوە. لەساڵی ١٩٥٩ ز دا جگەرخوێن ڕوودەکاتە باشووری کوردستان و تا ساڵی ١٩٦٣ ز لە زانکۆی بەغدا دەبێتە مامۆستای وانەبێژ لە بەشی زمانی کوردی. دواتر دەگەڕێتەوە بۆ قامیشلی سەرقاڵی نووسین و کاری ڕامیاری دەبێت. ھەر لەو ساڵەدا و لە شاری دیمەشق دەخرێتە گرتووخانەوە.

بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی مەلا مستەفا با‌رزانی جگەرخوێن لەساڵی ١٩٦٩ ڕوو دەکاتە کوردستانی باشوور و چالاکی کوردایەتی خۆی پێشکەشی شۆڕشی کورد دەکات.

لەساڵی ١٩٧٣دا بەرەوو لوبنان دەچێت و لەوێش ھۆنراوەی کیمە ئەز (Kîme Ez) دەنووسێت.

جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٧٦دا بۆ سوریا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ ناچار دەبێت ڕووبکاتە وڵاتی سوێد و لەوێ وەک پەناھەندەیەک دەگیرسێتەوە و بەنووسینەوە سەرقاڵ دەبێت و لە١٩٨٤.١٠.٢٢ کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی بۆ قامیشلی دەگوێزرێتەوە و لەوێ بەخاکی کوردستان دەسپێدرێت، ئەوەش ھەروەک خۆی پێش مردنی داوایکردبوو.

دواتر بەھۆکاری بینینی زۆرداری، ئەوەی دوژمنان دژی کورد ئەنجامی دەدەن، جگەرخوێن بەباشی دەزانێ لە پیشەی مەلایەتی دووربکەوێتەوە و بەڕۆحیەتێکی گەورە و بەبڕوایەکی ھێندە بەتین بچێتە جیھانی کاری ڕامیاری و باوەڕەکەی و خۆشەویستی کوردستان بخزێنێتە جیھانی وێژە و بەوشەی ناسک دایبڕێژێ بۆ ئەوەی خوێنەران ھەست ستەمی زۆرداران بکەن، کە چۆن دژی گەلی کوردن. بە کاریگەریی ھۆنراوە نەتەوەییەکانی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی و شۆڕشە نەتەوەییەکی شێخ سەعیدی پیران لە باکووری کوردستان لە ١٩٢٥ ز دا، بووە شاعیرێکی لێھاتووی ھۆنراوەی نەتەوەیی و کەوتە سەر باسکردنی کوردستانی نیشتمانی خۆشەویستی و ھاندانی ئافرەتی کورد بۆ خوێندن و خەباتی نیشتمانی و ‌بڵاوکردنەوەی بیرو باوەڕی کوردایەتی لە سەرەتادا ھۆنراوەیەکی نەتەوەیی لە باسی کوردستاندا بە ناونیشانی شام شەکرە، وەڵات شیرنترە داناوەو نیشتمانەکەی خۆی بە بووکی جیھانی دادەنێ و باخ و بە بەھەشت مێرگ و سەرچاوەی ئاوی سازگاری دەچوێنێ و بەکچێکی شۆخ و شەنگی جوان و ڕازاوی دادەنێ و ئەندامەکانی ئەو بووکەی کوردستانی بە تاجی سەلاحەدینی ئەیووبی و بە ڕۆژ و دەریا و ئەڵماس و دیوانەکانی ھۆنراوەی ‌‌حاجی قادر و ئەحمەدی خانی ‌دەچوێنێ و دەڵێت:

وەڵاتی من تووی بووکا جیھانی
ھەمی باغ و بھشت و مێرگ و کانی
سەری تاجا سەلا‌حەددینی کوردی
ئەنی ڕۆژە دەبورجا ئاسمانی
دوو چاڤێن تە وەکی دەریایی ھورمز
کەپوو ئەلماسە کاری کووش و وانی
دوو زولفێن تە کتێبا حاجی قادر
زمانێ تە ژ بەندا شێخی خانی
جگەر خوینە کورێ تە ھەر دنالی
ژ بەرنەزانی و خزانی!!

دوای ئەم باسە جوانەی کوردستانی نیشتمانی خۆشەویستی، داوا لە کچانی کورد دەکات، ڕاپەڕن و بکەونە سەر خوێندن و لە خەوی بێھۆشیدا ھۆشیار بنەوە و پێیان دەڵێت: “گەر بخوێنن پێشدەکەون و گەر نەشخوێنن‌ کەس ئێش و دەردمان لێ دوور ناخاتەوە.”

جگەرخوێن توانی ئەو باوەڕەی ھەیبوو بیگەیێنێتە ئەو ئاستەی بە نەمری بمێنێتەوە و نەوە‌ی ئەوسا و ئەمڕۆ و سبەی لە خوێندنەوەی ھۆنراوە و پەخشان و فەرھەنگ و ڕێزمانی کوردی سوودمەندبن.

جگەرخوێن بە ھەستی پڕ سۆزی نەتەوایەتی، ھەڵوێستی شاعیری نەتەوەیی کورد ئەسیری پەسند دەکات و ستایشێکی جوانی بە ھۆنراوە کردووە و لە ھۆنراوەیەکیدا بە ناوی بەر دیلک واتاخۆشەویستی لە ژمارەی ١٠ی ساڵی ١٩٣٢ی گۆڤاری ھاوار لە شامدا بڵاوکردۆتەوە و بەم جۆرە دەست بەستایشەکەی دەکات:

ئەی برای شەھبازی ئەوجی فەن و ھەم عیرفانی توو
سەد وەکی ابن الاثیر ی گووری و قوربانی توو!

جگەرخوێن ابن الاثیر بە قوربانی ئەسیری شاعیری نەتەوەیی کوردمان دەکات چونکە لای وایە (ابن الاثیر)، کە کوردێکی مێژوو نووس بووە، نەک مێژوو نووسێکی بۆ کوردی نووسیبێت، چونکە لە ئاستی “ئەسیری”دا ھیچ باشەیەکی بۆ کورد نەبووە ‌و شاعیر لە دێڕە ھۆنراوەیەکی دیکەدا دەڵێت:

سەد سەلاحەدین و بی سەد وەک ئەبی موسلم ھەبێ
فائیدە ھیچ بوومە نادەن سەتوەتی شاھانی توو

شاعیر دەڵێت: “ئێمە گەر سەدی وەک سەلاحەدین و ئەبو موسلیمی خۆراسانیمان ھەبێت، کە ھەردووکیان کورد بوون. بەڵام ھیچیان بۆ کورد نەکردووە، بۆیە ھیچ سوودێکیان بۆ ئێمە نەبووە ‌و ئەمەشی بۆ بەرزکردنەوەی ھۆنراوەی و شاعیریەتی ئەسیری کوردپەروەر بووە.”

بەم جۆرە بۆمان دەرکەوت کە جگەرخوێن شاعیرێکی خەباتی کوردایەتی بووەو لە زۆربەی ھۆنراوەکانیدا داوای ھۆشیارکردنەوەی لاوی کوردی کردووە بۆ وەدەست ھێنانی مافی نەتەوەییان.

بەرھەمەکان

  • دیوانی یەکەم: پریسک و پەتی(Prîsk û Pêtî)، ساڵی ١٩٤٥ ز دیمەشق
  • دیوانی دووەم: سەورا ئازادی(Sewra Azadî)، ساڵی ١٩٥٤ ز دیمەشق
  • دیوانی سێیەم: کیمە ئەز(Kîme Ez)، ساڵی ١٩٧٣ ز دیمەشق
  • دیوانی چوارەم: ڕۆناک(Ronak)، ساڵی ١٩٨٠ ز ستۆکھۆڵم
  • دیوانی پێنجەم: زەند ئاڤستا(Zend-Avista)، ساڵی ١٩٨١ ز ستۆکھۆڵم
  • دیوانی شەشەم: شەفەق(Şefeq)، ساڵی ١٩٨٢ ز ستۆکھۆڵم
  • دیوانی حەوتەم: ھێڤی(Hêvî)، ساڵی ١٩٨٣ ز ستۆکھۆڵم
  • دیوانی ھەشتەم: ئاستی(Astî)، ساڵی ١٩٨٥ ز ستۆکھۆڵم
  • دەستوورا زمانێ کوردی(Destûra Zimanê kurdî)، ساڵی ١٩٦١ ز بەغدا
  • فەرھەنگ (پەرچێ یەکەم)(Ferheng، perçê yekem)، ساڵی ١٩٦٢ ز بەغدا
  • فەرھەنگ (پەرچێ دوەم)(Ferheng، perçê diwem)، ساڵی ١٩٦٢ ز بەغدا

.

.

.

.

.

سەرچاوە : ویکیپیدیا

چاوێک بخشێنە بۆ ....

“زه‌رب” کورتە چیرۆکێگ لە کەیوومەرس بەڵەدە

کاکه زه‌رب سینی. وه‌ت: ئا. وه‌تم:چه‌نێ؟ هڵم ده‌م و لۊتم له ناو دکانه‌گه‌یش دیار بۊ. …

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *