قالب وردپرس بیتستان پرنده فناوری
ماڵپەڕی هسارە / وتار / ئەدەبی ژنان و کۆمەڵگای پیاو سالار – سروە مەجیدی

ئەدەبی ژنان و کۆمەڵگای پیاو سالار – سروە مەجیدی

وتەیەک هەیە کە ئەڵێت: (لە بنچینەدا هیچ مرۆڤێک لەگەڵ مرۆڤێکی‌‌تردا جیاوازی نییە، بەڵکوو داب‌ونەریت جیاوازیی لە نێوانیاندا دروست دەکات.)

لێرەدا سەبارەت بە ئەدەبیاتی ژنانی ڕۆژهەڵات و ئەدەبی ژنان باس دەکەین. سەرەتا ئەبێ ئەمە بێژم شتێک ڕوون و ئاشکرایە کە مرۆڤ جیا لە کۆمەڵگا ناتوانێت بژیت، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و کۆمەڵگا کاریگەری لە سەر ئەو دەبێت و مرۆڤیش کار دەکاتە سەر کۆمەڵگا.

ئەبێ ئاماژە بەم خاڵە گرینگە بکەم کە ژنان و ئافرەتانی کورد لەم کۆمەڵگایەدا لە منداڵییەوە بە وشەگەلی (مەکە) و (بڤە)دا گۆچ ئەکرێن و هەتا گەورە دەبن بە بڤەکانەوە دەستەویەخەن.

دەسەڵاتی پیاوان لە دنیای ئەدەبدا ژنانی لە چوارچێوەی سیستەمی پیاوسالاری بەندکراو داناوە و وای لە ژنان کردووە کە نەتوانن لە هەستە ژنانەکانیان و نیازە سەرکوت‌کراوەکانی خۆیان باس بکەن.

هەست و خواستی ژنانی ئێمە بچووکترین پێناسە و بوونیان لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا نیە. ئەدەب لە دایکبووی حاڵەتێکی دیاری‌کراو نییە، بەڵکوو چەند حاڵەتێکی جیاوازی وەک سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئایینی، سروشتی، سۆزداری، بایۆلۆژی و هی دیکەش کاریگەرییان تێدا هەیە، واتە بریتییە لە تێکەڵەیەک لە کاریگەری ناوخۆیی و دەرەوەیی.

نووسەر بەهرەیەکی بەتوان بە بەرگێکی دیاری‌کراوەوە دەیهێنێتە بوونەوە و ناوێکی لێدەنێت و مۆرکێکی تایبەتی پێ دەبەخشێت، بۆیە دەتوانین بێژین هەر ئەم بۆچوونەی پیاوسالارییە وای‌کردووە کە زمان و هەستی ژن نەمێنێ و ژنان لە ئەدەبی پیاواندا کۆمەڵە بوونەوەرێکی لاواز و سادەن و بریتین لە: هەست، هۆکاری پێوەندی گونجاو لە خێزاندا، وێنە لە چوارچێوەیەکی دیاری‌کراو و بوونی لە ڕووداوە لاوازەکاندا.

هەر لەبەر کاریگەری جیهانی (بڤەکاندا) زۆربەی ژنانی کورد نەیانتوانیوە بوێرانە بیر بکەنەوە و بخوێنن و بنووسن. بەم‌جۆرە حاڵەتگەلی تایبەتمەند لە لایەنی سایکۆلۆژی و بایۆلۆژی ژنان لە بەرچاو ناگیردرێت. لە کۆمەڵگایەکی داخراودا، کۆژانەکان و ئەو کۆت و پێوەندییە کۆمەڵایەتییە و ئەو داب‌ونەریتانەی بە سەر ژناندا سەپێندراوە، بە درێژایی مێژوو بۆ پیاوان وا نەبووە و نییە، بەڵام بارودۆخی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی بەپێی سەردەمەکان و شوێنە جۆراوجۆرەکان گۆڕانیان بە سەردا هاتووە، هەرچەند هەمیشە و هەموو کاتێ لە ڕوانگەی پیاوسالارییەوە سەیری ژن کراوە، بۆ سڕینەوەی ژن و دەنگی ژنانە، پیاوانی ئەم سیستەمە (سیستەمی پیاوسالاری) ئەدەبیان بەستۆتەوە بە مرۆڤایەتی و پەیامی مرۆڤایەتی.

بۆ نموونە گرنگ نییە ئەو نووسراوانە هەستی ژنانە و زمان و شکڵ و فورمی ژنانەی بێت، بەڵکوو ئەبێ لە خزمەتی مرۆڤایەتییەک بێت کە پیاوان پێناسەی دەکەن. بێ‌گومان دەزانین کە ئەو سیستەمە مرۆییەی کە پیاوان باسی دەکەن سیستەمێکی تەواو پیاوانەیە و زمانێکی پیاوانەشی هەیە بۆ پاراستن و بەدیهاتنی بەرژەوەند و ڕوانگەکانی پیاو.

ژن و پیاو دوو نیوەی کۆمەڵگای ئینسانین. ژن کە نیوەی کۆمەڵە هەست و سۆز و سروشت و حەز و ئارەزووەکانی لە لایەنی بایۆلۆژی و سایکۆلۆژییەوە لەگەڵ پیاودا جیاوازی هەیە، لە پاڵ ئەوەشەوە یاسا و ڕێسای کۆمەڵ و داب‌ونەریتی کۆمەڵایەتی و کەلتووری، کاریگەرییان لە سەر دەروونی ژن داناوە، بۆیە ژنانی ئەم کۆمەڵگایە بە زۆری نەیانتوانیوە بوونی خوەیان بسەلمێنن و وەک کەسایەتییەکی پێشکەوتووخواز بێنە مەیدانی نووسین و گوزارشت لە خودی خوەیان بکەن.

زاراوەی ئەدەبی ژنان یانی ژنی ئەدیب لە سەر ئاستێکی شارستانی و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان بە گشتی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی مێخوازی (Feminisme) وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری جیهانی کە ئەم بزووتنەوە لە ساڵی (١٩٦٨)ی زایینی لە فەڕەنسا دەستی پێ‌کرد.

هەڵبەت ئەدەب وەک چالاکییەک ڕۆشنبیری بە گشت پەیوەندییە دەرەکی و ناوەکییەکان کاریگەر دەبێت و ئەمەش لەگەڵ گۆڕانە ڕۆشنبیری و مادییەکانی کۆمەڵ هەڵدەکشێ و پێش دەکەوێ.

لەم تێڕوانینەوە نووسین یان بەرهەمی نووسراوی ژنان، ئاساییە ئەگەر سیما و ڕواڵەتی ژنانەی هەبێ بە جۆرێ کە ژن لە ناوەوەی ئەو بەرهەمانەدا خۆی بناسێتەوە و لە هەمان‌ کاتیشدا ئازار و خەون و جیهانە یۆتۆپیاکەی و خواستەکانی تێیدا بەرجەستە ببێ.

ئەمەش بڵێم ژن بە پشت‌بەستن بە کۆ ڕەهەندگەلێ وەک: زمانێکی تۆکمە و چڕوپڕ لە مەدلوولات و ڕەوانبێژی، کایە مەعریفی و فکرییەکان و ڕوانگە و لێ‌وردبوونەوەیەکی جیهانی سەردەمیانە بۆ ئەوەی چەمکێکی ئەدەبی و دەقێکی زیندوو بخولقێنێ و ببێتە خاوەن دەقێکی نوێ و مۆرکی خۆی بە سەریدا دابنێ.

ئەگەر دوور و نزیک لە ژیانی نوێی کۆمەڵگای خۆمان بڕوانین دەبینین بوونی ژن تەواو گرنگی و سەنگی خۆی لە زۆربەی بوارەکاندا نواندووە و دیارە.

ژنی کورد ئەمڕۆکە هەرچەند بە تەواوی نە و بە قەد پیاوانیش نە بەڵام پلەی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، هونەری و ڕۆژنامەوانی پێ ڕەوا بینراوە. ئەمەش ئەبێ بڵێم کە نووسەرە ژنەکانمان تا ڕادەیەک خەریکی ئەزموونی نوێ و تازەن، هەر ئەوە کە لە فەزایەکی پیاوسالارانەدا لە نێو ئەدەبیاتێک تا ڕادەیەک فێئودالی ژنانی ئێمە بەرەو دنیایەکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو بەرەو گۆڕان و داهێنان هەنگاو هەڵدەگرن، ئەمە خۆی زۆر جێگای سرنجە و پڕ بایەخیشە.

لە ئیمڕۆماندا لەو سەردەمە پێشکەوتووە و بە جیهانی‌بوونەی دنیادا، بە دەستەبەرکردنی ئازادی تاک و هاتنە ناوەوەی ژنان بۆ نێو دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کاروباری دام و دەزگاکانی وڵات، هەرچەند بە ناتەواوی و بە کەم‌وکۆڕییەوە، دەتوانین بڵێین شێعر و نووسینەکانی ژنان لە پەرەسەندندایە. نووسین لە زۆربەی بوارەکاندا پرۆسەی خودیە و زیاتر گوزارشت لە ناوەوەی نووسەرەکەیە، گوزارشتێکە لە حاڵەتە جۆراوجۆرەکانی ئەو مرۆڤە و کارتێکردنێکی دەرەکی و ڕەنگدانەوەی ناوەوە و ئینجا دەربڕینی بە شێوەی دەقێکی ئەدەبی و خولقاندنی بەرهەمێک بەرجەستە و نوێ.

ئەدەب کردەیەکی مرۆڤانەیە، کەوابوو هەر دەقێکی ئەدەبی کە نووسەر بەرهەمی دێنێ، چیرۆک یان شێعر و … زادەی هزر و زەینی نووسەرەکەیە. ئەم ئەزموونە کردەیەکی خودی خاوەن بەرهەمەکەیە.

نووسەری ژن ئەبێ ئەمە بزانێ چ پەیامێکی پێیە و دەیەوێت چ پرسیارێک ئاراستەی بەرامبەرەکانی بکات، یان بتوانێ پرسیاری گرنگ لە لای خوێنەر و بەردەنگی خۆیەوە بورووژێنێ، چونکە مەبەست لە نووسین، واتە بیرکردنەوە و هەروەها ڕازی نەبوون بەو جیهان و واقیعە کە تێیدا دەژی یا ئەو واقیعەی کە بە زۆر بە سەریدا سەپێندراوە، بۆ ئەوەی بتوانێ سنوورە پیرۆزەکان ببڕێ و دواتر هەڵکشێ بەرەو خود، بێ‌گومان ئەمەش پێویستی بە خۆ ڕۆشنبیرکردن و هوشیاری تەواو هەیە لە ڕووی دەوڵەمەدنی فیکرییەوە. ئەوە جێگای سەرنجیشە زۆر لەو ژنانەی کە دەستی نووسینیان هەیە پتر بە شێواز و زمانی پیاو دەنووسن و خۆیان لەو بوارانە دوور دەخەنەوە کە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە دەروون و حاڵاتی ژنانەوە هەیە، تا هیچ کێشە و دەردەسەرێک بۆ خۆیان نەهێننە ئاراوە، لە ڕاستیشدا ئەم جۆرە نووسراوانە نابێت لە سەر ئەدەبی ژنان دابنرێت، چونکە ئەو بابەتانە پێوەندییەکی بە ژنانەوە نییە. ژنانی ئێمە لەبەر ترس و شەرم و داب‌ونەریتە کولتوورییەکان ناتوانن ناخی خۆیان بە تەواوی دەرببڕن و خاوەن دەنگ و ڕەنگی ژنانەی خۆیان بن و باس لە غەریزە و هەست و ئەوین و ئەشق و … ئیرۆسییەت و ئیرۆتیک دەروونی خۆیان بکەن.

نکوولی لەوە ناکرێ کە ئەدەبی ژنان و ئەدەبی پیاوان لە زۆر شتدا وەک سروشت لە نێوانیاندا جیاوازی هەیە، لە ڕووی تایبەتمەندی و شێوازی دەربڕین و بەکارهێنانی دەستەواژە و وشەکان جیاوازییان هەیە و بگرە لە تێفکرین و تێڕوانینیشدا لە یەک ئاستدا نین بۆیە ژن وەکوو نووسەر یان شاعێر وەک خۆی بیر دەکاتەوە و پۆلێنێکی سروشتی لە ڕێگای دەستەواژە و دەربڕین و وێناکردنی وێنەی شێعری لە دەقدا ڕەنگ دەداتەوە و بەم‌شێوەیە نووسەر و ڕەگەزەکەشی بە ئاسانی لای خوێنەر بەرجەستە ئەبێتەوە.

مەسەلەی ئەدەبی ژنان هەرگیز ناکرێت وەکوو بابەتێکی پچڕاو و دابڕاو لە بابەتە جۆراوجۆرەکانی دیکەوە باسی لێ بکرێت، چونکە وەکوو زریزەی زنجیرێکی پتەو بە یەکەوە بەستراون و لە هەمان کاتیشدا کاریگەرییان لە سەر یەکتر هەیە، ژن پێویستە لەم کۆمەڵگایەدا کە بە درێژایی مێژوو بە بەربەستگەلێکی جۆراوجۆری بۆی هەبووە دەنگی خۆی یەکجار بەرز هەڵبڕێت، کاتێک کە ئەو هەلە بۆ ژن بڕەخسێت تا ڕاشکاوانە باسی گیروگرفتەکانی بکات. ناخی جیهانی ناسکی خۆی ئەخاتە ڕوو، بەڵام ئایا ئەو هەلە کە وەکوو بیرۆکەیەک باسی لێ دەکەین و بگرە پتر مەزەندەی دەکەین بۆ ژن ڕەخساوە؟

چاوێک بخشێنە بۆ ....

“زه‌رب” کورتە چیرۆکێگ لە کەیوومەرس بەڵەدە

کاکه زه‌رب سینی. وه‌ت: ئا. وه‌تم:چه‌نێ؟ هڵم ده‌م و لۊتم له ناو دکانه‌گه‌یش دیار بۊ. …

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *